سەرۆک بارزانی دەڵێت، ئومێدەوارە هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ رۆحیەتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و راپەڕینی ساڵی 1991. گوتیشی: “ئێمە پێکەوە دەتوانین زۆر دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنین”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11-09-2024، سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی 63یەمين ساڵيادى شۆڕشى ئه‌يلوولدا کە لە چیای سەفین بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ”11ـی ئەیلوول رۆژێکی پیرۆزە، شۆڕشی ئەیلوول بە هەموو مانای وشە شۆڕش بوو؛ شۆڕشێکی چەکداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، شۆڕشێک بوو دۆزی گەلی کوردستانی بە هەموو دنیا گەیاند”.

سەرۆک بارزانی گوتی: ”شۆڕشی ئەیلوول دەرگەیەکی فراوانی بۆ گەلی کوردستان کردەوە و بەرهەمیشی هەبوو. ئومێدەوارم کە هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ رۆحیەتی شۆڕشی ئەیلوول و راپەڕینی ساڵی 1991.”